لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا مودەڕس گورجی دژی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەت کردەوە

17:56 - 31 بانەمەڕ 2723

لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان دژی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە سەبارەت بە زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە مافی دیاریکراو لە یاسای بنەڕەتی، دزینی مرۆڤ، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە کەسانی ئاسایی ڕەت کردەوە و بە دەرکردنی بڕیار، بەدواداچوون بۆ ئەم سکاڵایەی ڕاگرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ٩ی بانەمەڕی ١٤٠١، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بە هۆی نەبوونی بەڵگە و هۆکاری پێویست سکاڵاکەی ژینا مودەڕس گورجیی ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پارێزەرەکانی ژینا بە هۆی ئەنجامنەدانی لێکۆڵینەوەی قەزایی و گرینگینەدان بە بەڵگەکان، بەرانبەر بە بڕیارەکەی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە و چارەسەرکردنی کەمایەسییەکانی لێکۆڵینەوەکەیان لە دادگای کەیفەریی ئەم شارە کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ژینا مودەڕس گورجی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە و ناوبراو ئێستا لە بەندی گشتیی کانوونی ئێسڵاح و تەبییەتی سنەیە.

ئەم چالاکی بواری ژنانە، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەوە بۆ بەندی گشتی ڕاگوێزرابوو.

ژینا مودەڕس گورجی لە لێپرسینەوەدا تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا دژبەرەکان"ی دراوەتە پاڵ.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا.

ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان کە لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا باسی لە گۆڕدرانی تۆمەتەکەی بۆ "دروستکردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخان" کرد.

ژینا مودەڕس گورجی ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخان"ی پێ ڕاگەیەندراوە و چاوەڕێی دانیشتنی دادگا دوابەدوای بەرگریی پارێزەرەکەیەتی. ناوبراو پێشتریش جارێک بە کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و جارێکیش بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کرابوو.

ئەم چالاکەی بواری ژنان، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە بەندی ژنانی سنە لە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ژینا پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا "ئیتر خۆر بە چاوی خۆت نابینی".