نەغەدە؛ جەلال تەپاک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

00:54 - 31 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٣٠ی بانەمەڕ، جەلال تەپاک، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد و ٥٠٠ تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا بۆ ئازادیی کاتیی ئەم هاووڵاتییە، ٥ میلیارد تمەنی دیاری کردبوو کە پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو، بارمتەکەی بۆ ٣ و نیو میلیارد تمەن گۆڕدرا.

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، ئەم هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەنگبوونی هەناسە و نەخۆشیی هەناو لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا و ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕ لە بەشی چاوەدێریی تایبەتەوە بۆ بەشی گشتی ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، جەلال تەپاکیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

جەلال تەپاک، کرێکاری شارەداریی پیرانشار، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیداەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی گرتووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجە کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و بە هۆی ئەشکەنجەکران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ چەند جار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

جەلال تەپاک، تەمەنی ٣٠ ساڵە و کوڕی مستەفایە.