سنە؛ بانگهێشت و دەسبەسەرکرانی چالاکێکی کرێکاری لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە، لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەتا ئێستا لە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، هاجەر سەعیدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، حەبیبوڵڵا کەریمی، خەبات مەحموودی، سیروان مەحموودی و ئێقباڵ پیشکاری، لە چالاکانی کرێکاریی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ئەم چالاکە کرێکارییانە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.