لەسێدارەدرانی دوو زیندانی لە زیندانی سنە

16:06 - 28 بانەمەڕ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "جەمشید کەریمی" خەڵکی دێولان و دانیشتووی سنە و "مستەفا ساڵحی"، خەڵکی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ئەم دوو زیندانییە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕ بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە ڕاگوێزرابوون.

حوکمی لەسێدارەدرانی جەمشید کەریمی پاش دەربڕینی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراو بۆ وەرگرتنی ٤ میلیارد دیە بەشێوەی کاتی ڕاگیرابوو بەڵام ئەم زیندانییە پاش گەڕانەوە بۆ بەندی گشتیی زیندان جارێکی دیکە بۆ شوێنی جێبەجێکرانی حوکم ڕاگوێزرا و حوکمی لەسێدارەدرانەکەی جێبەجێ کرا.

ئەم دوو زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوون.