گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی ڕامین ڕەمەزانی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

09:43 - 28 بانەمەڕ 2723

شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، ڕامین ڕەمەزانی، خۆپیشاندەری خەڵکی شنۆ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان دەستی چەپی بە سەختی بریندار بوو.

هەمان شەو، سێ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "سەدرەدین لیتانی"، "میلان حەقیقی" و "ئەمین مەعرفەت" لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا گیانیان لەدەست دا.

ڕامین ڕەمەزانی لە وتووێژێک لەگەڵ کوردپا، شێوازی برینداربوونی خۆی دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی ڕامین ڕەمەزانی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

ڕامین ڕەمەزانی لەم بارەوە بە کوردپای وت: لە شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانم چووینە گەڕەکی "سەیداوێ"ی شنۆ و بە وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی بەرەو فەلکەی حەڵەبچە چووین، لەوێ هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لێ کردین و چەند کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەست دا، بەرەو شەقامی ئیمام چووین و لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان دەرگیر بووین و هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ لای فەرمانداری هەڵهاتن، کاتێ ئێمە گەیشتینە فەرمانداری هەموو چراکانی ناوچەکەیان کوژاندەوە و لە فەرمانداری و چوارڕێیانی سەیداوێوە تەقەیان لێ کردین و لەم کاتەدا دەستی چەپی من فیشەکی بەر کەوت و بریندار بوو.

بە وتەی ڕامین ڕەمەزانی، سەدرەدین لیتانی لە هاوڕێکانی بووە کە شەوی ٣١ی خەرمانان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ناوبراو وتی: لە شەقامی کاریگەر، بەرانبەر فەرمانداریی شنۆ، تەک‌تیرهاویژەکان بە قەناسە تەقەیان لێ کردم و بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە، تووشی شکانی ئێسک و پچڕانی دەماری سەرەکی و لەنێوچوونی ماسوولکەکانی مەچەکی دەستم بووم و دەستی چەپم بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد  لەکار کەوتووە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: پاش یەک کاتژمێر و نیو بە هۆی خوێنڕۆشتنی زۆرەوە منیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی شنۆ و لەوێ خوێنیان پێ دام و کاتژمێرێک دواتریش بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕایانگواستم.

گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان  بۆ سەر بەرپرسانی نەخۆشخانە بەمەبەستی پێشگێری کردن لە چارەسەرکردنی بریندارەکان؛

ڕامین ڕەمەزانی، سەبارەت بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ورمێ بە کوردپای ڕاگەیاند: پەیوەنددانەوەی دەمار لە لاقی چەپمەوە بۆ دەستی چەپم لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش دوو ڕۆژ خەواندن لە ئای‌سی‌یوو بۆ بەشی گشتی ڕاگوێزرام و بڕیار بوو نەشتەرگەریی گرافم لە نەخۆشخانە بۆ بکرێت، بەڵام نەکرا و هێزە لیباس شەخسییەکان بە بەرپرسی نەخۆشخانەیان وتبوو کە بریندارەکان دەرمان نەکەن و دواتر لە ترسی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، لە نەخۆشخانە هەڵهاتم.

ئەم خۆپیشاندەرە ڕاگەیاند: من لە ڕێگەی یەکێک لە ناسیاوەکانمەوە ڕاگوێزرام بۆ نەخۆشخانەی میلادی ورمێ و لەوێ نەشتەرگەریی گراف و ئۆرتۆپێدم بۆ کرا و پاش تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە، بە هۆی ناسینەوەم لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ناچار بە بەجێهێشتنی نەخۆشخانە بووم.

ڕامین ڕەمەزانی وتی: پاش ناسینەوە و بەدواداچوونی هێزە سەرکوتکەرەکان، ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، ناچار بووم ئێران بەجێ بهێڵم و ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێم.

رامین ڕەمەزانی کوڕی مستەفا و خەدیجە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٧ لە شنۆیە.