ئیلام؛ محەممەد عەباس‌زادە، هونەرمەندی کورد بە زیندان، سزای نەختی و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا

17:13 - 24 بانەمەڕ 2723

محەممەد عەباس‌زادە، هونەرمەندی خەڵکی ئیلام لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان، دانی ٢٤ میلیۆن تمەن پارەی نەختی و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا.

دادگا، ئەم هونەرمەندەی بە "بێڕێزیکردن بە ئیمامان و بڵاوکردنەوەی درۆ" تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ئەم هونەرمەندە بە نووسینی ٥٠٠ لاپەڕە وتار بە دەستوخەتی خۆی سەبارەت بە "ئەنجامی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان لە قیامەت" مەحکووم کراوە.

محەممەد عەباس‌زادە، پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە و نائارامییەکان، خوێندنی سروود بۆ ژینا_مەهسا ئەمینی، تێکدانی بیری گشتی و پێوەندی لەگەڵ دوژمنان" بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی و دانی ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

محەممەد عەباس‌زادە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ئەم هونەرمەندە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئیلام ئازاد کرابوو.