دایکی ئیدریس فەقیهی، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەسبەسەر کرا

17:15 - 20 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی، لە ئەندامانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، پاش چەند ڕۆژ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، حەفتەی ڕابردوو، فاتمە مەقسوودی لە سنەوە چووبووە ورمێ و سەردانی دادگا، ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای کردبوو و داوای ڕونکردنەوەی لەسەر چارەنووسی کوڕەکەی کردبوو بەڵام هیچکام لەم ناوەندانە، وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدابووەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: فاتمە مەقسوودی بە فەرمانی دادستانی ورمێ و سکاڵای ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم دایکە ٦٧ ساڵەیە، نەخۆشیی دڵی هەیە و دەسپێڕانەگەیشتنی بە دەرمانەکانی نیگەرانیی بنەماڵە و نزیکانی ناوبراوی لێ کەوتوەتەوە.

ئیدریس فەقیهی لە دەرگیرییەکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی "عیلم ئاباد"ی بۆکان بریندار و دەسبەسەر کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

چەند جار بنەماڵەی ئیدریس بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی گرتنگەی ئەلمێهدیی ورمێیان کردووە بەڵام بەرپرسانی ئەم گرتنگەیە وێڕای هەڕەشە و بێڕێزی و بە نیشاندانی چەند وێنەیەک، پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان کوژراوە.

ئیدریس فەقیهی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٥ لە سنەیە و ساڵی ١٣٩٥، بووەتە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران؛ ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ لە گوندی "عیلم ئاباد"، لە دەرگیرییەکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کراوە و پاش ٤٠ ڕۆژ بنەماڵەکەی ئاگادار بوونەتەوە کە لە گرتنگەی ئەلمێهدیی ورمێدایە.