سنە؛ عیباد حەبیبی چالاکی مەدەنی بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا
10:00 - 19 بانەمەڕ 2723
عیباد حەبیبی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٣ ساڵ مەحکووم کراوە.
ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندراوە و دادگا ناوبراوی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.
کۆبوونەوەی دادگایی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو. ناوبراو بە هۆی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ١٤٠١ لە حەسەناوای سنە و بەکارهێنانی جامانە لە ڕێوڕەسمەکەدا بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو.