بانگهێشتی چالاکێکی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

11:09 - 12 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕ، ئومید ئەسەدی، چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێوەندیدار بە ڕۆژی جیهانیی کرێکار ئەم چالاکە کرێکارییەیان بانگهێشت کردووە و پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە ئازادیان کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠١، ئومید ئەسەدی پاش سکاڵای دادستانی سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە کرابوو و پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو پێی ڕاگەیەندرابوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ڕێوڕەسم و چالاکیی مەدەنیدا بە دانی سزای نەختی مەحکووم دەکرێت.

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسرا.