گێرانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئەسعەد ڕەحیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

23:22 - 13 بانەمەڕ 2723

ساڵی ١٤٠١ ساڵێک بوو کە سەرکوتی توندوتیژ یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بوو؛ ساڵێک کە تێیدا سەدان هاووڵاتی لە شەقام و زیندانەکاندا کوژران.

شاری بۆکان خەزەڵوەری ١٤٠١ گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان دژی حکوومەتی ئێران بوو و تاکوو ئێستا ١٨ ناڕازی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا گیانیان لەدەست داوە.

کوردپا ئەمجارە شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئەسعەد ڕەحیمی لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەی لە زمانی یەکێک لە کەسە نزیکەکانیەوە گێڕاوەتەوە، ئەسعەد ڕەحیمی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئەسعەد ڕەحیمی؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەسعەد ڕەحیمی شۆفێری تاکسی بوو و تازەیی دووکانێکی ساندویچ فرۆشیی دانابوو، پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە مەودای نێوان شەقامی "ڕووبار"ی بۆکان بۆ شەقامی "زەیتوونی باکووری" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەکرێتە ئامانج و تەقەی لێ دەکرێت.

ئەم سەرچاوەیە وتی: کاتژمێر ٨ی شەوی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتێ کە کارەبای شاری بۆکانیان پچڕاندبوو و لەکاتێکدا کە ئەسعەد بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتەوە و بارانیش بەلێزمە دەباری، لە شەقامی "زەیتوونی باکووری"دا هێزە سەرکوتکەرەکان بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییەک تەقەیان لە ناوبراو کرد.

فیشەکی جەنگی، ساچمەیی و لێدانی ئەسعەد ڕەحیمی؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی ساچمەیی و جەنگی ئەسعەدیان کردبووە ئامانج و پێش لەوەی گیانی لەدەست بدا، لێیان دابوو.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتیشی: ئەسعەد ڕەحیمی لە پشتی ملەوە تا کەمەر فیشەکی ساچمەیی بەر کەتبوو و فیشەکی جەنگیش ڕێک لە پشتەوە بەر دڵی کەوتبوو و لە کاتی برینداربوونیشیدا بە باتوم لە سەریان داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: بە وتەی پزیشکان ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە بەهۆی خوێنڕێژیی ناوەوە بووە و بەهۆی لێدانی بەردەوامی باتوم لە سەری تووشی جەڵتەی مێشک بووە.

بەجێهێشتنی ئەسعەد ڕەحیمی بە برینداری لە شەقام لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە برینداری ئەسعەد ڕەحیمی بەجێ دێڵن، هاووڵاتییەک ئەیباتەوە بۆ یەکێک لە ماڵەکانی شەقامی زەیتوونی باکووری و بە مۆبایلی ئەسعەد پێوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگرێت و پێێ دەڵێ کە ئەسعەد بریندار بووە و پێی ڕابگەن. پاش گواستنەوەی ئەسعەد بۆ نەخۆشخانە لەلایەن بنەماڵە و هاوسەرەکەیەوە هەوڵی پزیشکەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی لەڕێگەی پێدانی هەناسەوە بێئاکام ماوەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

گواستنەوەی تەرمی ئەسعەد ڕەحیمی بۆ پزیشکی دادوەری و ساردخانەی بۆکان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: پاش گیانلەدەستدانی ئەسعەد و گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەری، هێزە سەرکوتکەرەکان ویستوویانە تەرمەکەی بگوازنەوە بۆ ساردخانە کە لەگەڵ دژایەتیی هاوسەرەکەی بەرەوڕوو بوونەتەوە و لە کۆتاییدا تەرمی ئەسعەدیان لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ ساردخانە گواستووەتەوە.

ئەم سەرچاوە لە زاری هاوسەری ئەسعەدەوە ڕایگەیاند: شەوی گیانلەدەستدانی ئەسعەد، دۆخی بۆکان ئەمنییەتی بووە و هاوکات لەم شارەدا چەندین کەسی دیکەش بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست داوە و تەرمەکەیان بۆ ساردخانە ڕاگوێزراوە.

وەرگرتنی بەڵێننامە لە بنەماڵەی ڕەحیمی بۆ نکۆڵیکردن لە گیانلەدەستدانی ناوبراو بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان؛

سەرچاوەکەی کوردپا وتی: هاوسەری ئەسعەد ڕەحیمی هاوکات لەگەڵ چەند کەسی تر دەرکەی ساردخانەکەیان شکاندووە و تەرمی ئەسعەدیان لەوێ دەرهێناوە بەڵام لە کۆتاییدا هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵێننامەیان لە باوکی ئەسعەد وەرگرتووە کە کوڕەکەی بەدەستی ئەوان نەکوژراوە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری نەدانی بەڵێنی بووکەکەی یان یەکێک لە منداڵەکانی دەسبەسەر دەکەن.

پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەسعەد بە بەشداریی خەڵک؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنیان نەداوە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئەسعەد بەڕێوە بچێ و تەنانەت لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپارییەکەیدا کە شەو بەڕێوە چوو، هێزە سەرکوتکەران لە گۆڕستانەکە بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ڕەحیمی خۆیان بۆ ڕێوڕەسمی چلەی ئەسعەد ئامادە کردبوو کە هێزە سەرکوتکەرەکان پێشیان بە چوونیان بۆ گۆڕستانی بۆکان گرت و ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکەیان نەدا و پاش دەرگیربوونی هێزە سەرکوتکەرەکان و خەڵک لەگەڵ بنەماڵەی ڕەحیمی، سەری هاوسەرەکەی ئەسعەد بریندار بوو و هێزە سەرکوتکەرەکان بە فڕێدانی بەرد جامی ماشینەکانیان شکاند.

ئەسعەد ڕەحیمی؛

ئەسعەد ڕەحیمی کوڕی ئیبراهیم و زەینەب، لەدایکبووی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٧١ بوو و ساڵێک پیش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.