دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مورتزا سەیدی بەڕێوە چوو

00:17 - 8 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مورتزا سەیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار بەڕێوە چوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ پارێزەرەکەی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار ئامادە بووە و سەبارەت بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ لەژێر ناوی سەندیکای کرێکاری بە وێژمانی کۆمۆنیستی بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بەرگریی لە خۆی کردووە.

مورتزا سەیدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، لە ڕێگەی نامەیەکەوە، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار کرابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕەزبەری ١٤٠١یش هەر بەم تۆمەتە بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری قودس کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١، مورتزا سەیدی بە دانانی بارمتەی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

مورتزا ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ چەند چالاکی کرێکاریی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.