ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار داواکاریی سوعدا خەدیرزادە بۆ وەرگرتنی مورەخەسیی ڕەت کردووەتە

20:01 - 5 بانەمەڕ 2723

سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، بە هۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم زیندانییە سیاسییە دوو جار داوای مەرەخەسیی کردووە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات داواکاریی ناوبراویان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سوعدا خەدیرزادە، لەگەڵ منداڵە ١٠ مانگانەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگیراون.

لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەکی مەهاباد، سوعدا خەدیرزادەی بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کردووە و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ بە بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

یەکەمین دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سوعدا ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠١، بە شێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەک لە شاری مەهاباد بە بەشداریی خودی ئەم زیندانییە، پارێزەر و سکاڵەکەرانی دۆسییەکە بەڕێوە چوو.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سوعدا خەدیرزادە، "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپا و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بوون کە ناوبراو لە بەرگری لە خۆیدا ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردوونەتەوە.

پارێزەری سوعدا پاش ئەوەی کە لەلایەن سکاڵاکەرانی دۆسییەکەوە هەڕەشەی لێ کرا، بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاند کە لە درێژەدان بە کار لە سەر ئەم دۆسییەیە پاشگەز بووەتەوە.

٤ی خەرمانانی ١٤٠١، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی ژنان خوازیاری ئازادیی خێرا و بێ مەرجی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی بە ناوی "سۆلێنا" بوون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، سوعدا خەدیرزادە کاتێک هەموو زیندانییەکان لە کاتی خەو و حەوانەدا بوون، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووسەرییەکەی خۆی، هەوڵی خۆهەڵواسینی خۆی دابوو کە بە هەوڵی زیندانییەکان لەو خۆکوژییە ڕزگاری بوو.

ئەو هەوڵەی سوعدا خەدیرزادە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی ورمێ، گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و وەرنەگرتنی بارمتە و هێنانەوەی بیانووی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە ئازادیی کاتیی ئەو زیندانییە بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەدایکبووی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوییە و لە کاتێکدا کە تەمەنی ٩ ساڵان بووە، باوکی لەدەست داوە و دایکیشی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆچی دوایی کردووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە سێ خوشکی هەیە کە ئەوانیش ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. هەروەها سوعدا بەهۆی هەژاری و دەستکورتی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١، جێگیر لە شاری مەهاباد، بۆ ئازادکردنی کاتیی سوعدا خەدیرزادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی دیاری کردووە.

سوعدا خەدیرزادە، کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١ بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.

تۆمارکردنی کاروباری ئیداری و دانی باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کچەکەی سوعدا، خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١، سوعدا خەدیرزادە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سوعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سوعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمار."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسییەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سوعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە زینداندا لە بارودۆخێکی خراپدایە و بەهۆی زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و مانەوە لە زیندان، ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.