گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئیلام

09:40 - 3 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، موحسن قەیسەری، ناڕازیی خەڵکی ئیلام لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

موحسن قەیسەری یەکەمین کەس بوو کە لە ئیلام و لە ڕەوتی ئەم بزووتنەوەیەدا و دوابەدوای بەرکەوتنی زیاتر لە ٥٠ فیشەکی ساچمەیی گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەم خۆپیشاندەرە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا شێوەی گیانلەدەستدانی ناوبراوی گێڕاوەتەوە.

شێوەی قەتڵی حکوومەتیی موحسن قەیسەری؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، موحسن قەیسەری لە پارکی کوودەکی ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی و بەدەستی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە وتی: زیاتر لە ٥٩ فیشەکی ساچمەیی بەر سەر و سینگی ئەم خۆپیشاندەرە کەوتبوو و لەکاتی ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە زاری شاهێدانی ڕووداوەکەوە وتی: موحسن قەیسەری لە کاتێکدا کە خەریکی یارمەتی گەیاندن بە کچێک بووە کە گازی فرمێسکڕێژیان لێ داوە، کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ تەرمی موحسن لە ڕێکەوتی یەکی ڕەزبەری ١٤٠١ پاش گوشارەکانی بنەماڵەکەی ڕادەست کرایەوە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشی بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە گۆڕستانی بەهەشت ڕەزا و بە وتنەوەی دروشم دژی حکوومەتی ئێران بەڕێوە چوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی؛ هێزە سەرکوتکەرەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٧ ڕۆژە و ٤٠ـەی موحسن گرت و بنەماڵەکەی ناچار کران لە مزگەوت ڕێوڕەسمی بۆ بگرن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ڕۆژی ٤٠ـەی موحسندا، ناڕەەزایەتییەکی بەربڵاو لە ڕێگەی گەیشتوو بە گۆڕستانی بەهەشت ڕەزا بەڕێوە چوو.

موحسن قەیسەری؛

موحسن قەیسەری تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی نەزەر و خەدیجە دەرچووی بواری کامپیۆتر بوو.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی موحسن وتی: نادادپەروەری لە کۆمەڵگادا ئازای دەدا و هەمیشە هەوڵی بۆ جێگیرکردنی یەکسانی و دادپەروەری دەدا.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، موحسن قەیسەری ماوەیەک لە تورکیە و ئورووپا ژیاوە و دوای پێداگریی باوک و دایکی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و بڕیار بووە ڕەشەمەی ١٤٠١، ڕێوڕەسمی مارەکردن بەڕێوە ببات.

موحسن ٧ مانگ پاش گەڕانەوە بۆ ئێران خەریکی بیناکردنی خانوو بۆ ژیانی هاوبەش بووە و دوو ڕۆژ پاش تەواوکردنی کاری خانووەکەی گیانی لەدەست داوە.