گواستنەوەی دووبارەی شێرکۆ ڕۆشەنی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

16:01 - 30 خاکەلێوه 2723

شێرکۆ ڕۆشەنی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو، سەرلەنوێ بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پاش زیاتر لە ٤ مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگویزرابوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش گواستنەوەی دووبارەی شێرکۆ بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شێرکۆ ڕۆشەنی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١، شێرکۆ ڕۆشەنی تەمەن ٣٠ ساڵ، کوڕی عەتا لە یەکێک لە شەقامەکانی مەریواندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان بردووەتە سەر ماڵ و خانەباخەکەی لە مەریواندا و دەستیان بە پشکنین کردووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی شێرکۆ ڕۆشەنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.