زیندانی ئیلام؛ ٤ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو مانیان لە خواردن گرت

11:14 - 28 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، ٤ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو بە ناوەکانی "عەزیم یادگاری"، "حوسێن باپیروەند"، "فەرشاد ئایینی" و "سەعدوڵڵا ئایینی" خەڵكی شاری دێهلۆڕان لە زیندانی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی دۆخی خۆیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەیان و شێوازی ڕاگیرانیان لە زیندان دەستیان داوەتە مانگرتنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم چوار هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.