دەرکردنی دووبارەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کورد

20:22 - 27 خاکەلێوه 2723

نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ جارێکی دیکە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە، ئەم حوکمە بە پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەسبەسەر و پاش سێ مانگ ڕاگیران لە گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

دەوترێت ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و لە ساڵی ١٣٩٧ لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە و لە نەبوونی خۆیدا بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم زیندانییە سیاسییە، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی ڕەت کرایەوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی هەیە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان تاکوو ئێستا بە هۆی دژایەتیی بەرپرسانی زیندان لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانی بێبەری کراوە.

نایب عەسکەری ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەز هاوکات لەگەڵ زیندانییانی سیاسی دیکەی زیندانی ورمێ، لە ناڕەزایەتی بە بڕیاری بەرپرسانی زیندان بۆ ڕاگواستنی ئەم زیندانییانە بۆ بەندی ئەمنییەتی دەستیان دابووە مانگرتنەوە.

لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا، ئەم زیندانییە سیاسییە دوابەدوای دەرگیریی نێوان چەند کەس لە زیندانییانی سیاسی و زیندانییانی تاوانە گشتییەکان و بە سکاڵای بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ورمێ هاوکات لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی دیکە بە ناوەکانی "کەیهان موکەڕەم" و "نایب حاجی‌زادە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی زیندان" بە لێدانی ٥٠ قامچی و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا.