گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی عیسا بیگلەری و بەبارمتەگیرانی تەرمەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە

17:25 - 24 خاکەلێوه 2723

شەوی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، عیسا بیگلەری ناڕازیی دانیشتووی سنە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست دا.

ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە پاش برینداربوون لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و پاش یەک کاتژمێر بەهۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دەدات.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە تاکوو ئێستا ٢٠ ناڕازی لە شاری سنە گیانیان لەدەست داوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی عیسا بیگلەری؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شەوی سێشەممە ٢٤ خەزەڵوەری ١٤٠١، عیسا بیگلەری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لە بەردەم زانستگای سنە بە فیشەکی جەنگی لە دڵ، سی و باڵی ڕاستی دراوە و بەتوندی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عیسا بیگلەری پاش یەک کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی توندی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا و پزیشکی دادوەری لە دانەوەی هەر جۆرە بەڵگەیەک بە بنەماڵەکەی خۆی بواردووە و لە بەڵگەی گیانلەدەستدانەکەشیدا کە لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتییەوە دەرکراوە هۆکاری مەرگەکەی "بەرکەوتنی شتی تیژ و ڕەق" ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تەرمی عیسا بیگلەرییان بە بارمتە گرت و پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان بە هەڕەشەوە ڕایانگەیاند تەنیا ١٠ بۆ ١٢ کەس دەتوانن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا بەشداری بکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان بە بنەماڵەی بیگلەرییان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاریدا، پێش بە دانەوەی تەرمەکە دەگیردرێ و خۆیان ڕێوڕيسمەکە بەڕێوە دەبەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بە هەبوونی هێزە لیباس شەخسییەکان بەڕێوە چووە.

عیسا بیگلەری؛

عیسا بیگلەری کوڕی نێعمەتوڵڵا و فاتمە خەڵکی گوندی "نەسەنار" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی سنەیە و ڕۆژی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٦١ لەدایک بووە.