چاوی ڕاستی سامان هیممەتی، خۆپیشاندەری خەڵکی ئاودانان تەنیا توانای ناسینەوەی ڕووناکیی هەیە

15:51 - 9 خاکەلێوه 2723

سامان هیممەتی، خۆپیشاندەری خەڵکی ئاودانان لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ژن، ژیان، ئازادی، چاوی ڕاستی لە مەودای نزیک ٢٠ میترییەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بە گولـلەی ساچمەیی کراوەتە ئامانج.

ئەو لاوە پاش برینداربوونی لە گۆڕەپانی "ئیمام عەلی"ی ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بۆ چارەسەری پزیشکیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری دێزفووڵ دەکرێت و پاش چارەسەری سەرەتایی پزیشكیی ڕەوانەی تاران دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە خۆپێشاندەرە پاش سێ کاتژمێر نەشتەرگەری لە ژووری نەشتەرگەری، شوێنی برینداربوونی چاوی تەقەڵ دەدەن و چاوی سەرنیا دەبێتەوە و چاوی ڕاستی تەنیا توانای ناسینەوەی ڕووناکیی هەیە.

ئەو لاوە بریندارە لە دەورەیەکی حەوت مانگەی دەرمانیدایە و دەبێت جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ چاوی ڕاستی بکرێتەوە.

سامان هیممەتی کوڕی فەتوحوڵڵا و نەشمیە، لەدایکبووی ٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی لە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلامە.