کوردپا؛ لەسێدارەدرانی سەروویاسایی مەحیەدین ئیبراهیمی و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکەی بەتوندی مەحکووم دەکات

18:01 - 26 رەشەمه 2722

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسیی کورد، ئەمڕۆ ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا. کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی خۆی دەبوێرێ و تەرمی ناوبراوی لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپاردووە.

کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادڕەسی و پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەر بەتایبەت لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لەژێر ئەشکەنجە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا، لەسێدارەدرانی سەروویاسایی و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکەی بەتوندی مەحکووم دەکات.

کوردپا لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی کورد کە ڕێژەیەکی زۆری لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێک دێنێت، وەکوو بیانوویەکی سیاسی دژی خەڵکی کورد لە کوردستان دەزانێت کە بەهۆی کەمینەبوونی خەڵکی کورد و ستەمی چەندقات دژی ئەوان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێچوویەکی کەمی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە.

هەر بەم پێیە کوردپا، وەکوو ناوەندێکی مافی مرۆیی کورد، داوا دەکات کە چاوەدێریی مافی مرۆیی و نێونەتەوەیی لەسەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی دژی زیندانییانی سیاسی و جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەوان زۆرتر بکرێتەوە و کۆماری ئیسلامی دەبێ لە بەرانبەر ڕەوتی لەسێدارەدرانەکان، دادڕەسیی نادادپەروەرانە و توندوتیژی دژی خەڵک وڵامدەر بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی زیندانییانی سیاسی، ڕەوتێک لە بەرنامەی دەزگای سەرکوتی حکوومەت دژی دژبەرانی سیاسی و خەڵکی کوردستانە و کۆماری ئیسلامی لەم کارە وەکوو ڕێگایەک بۆ ترساندن و تۆقاندن کەڵکی وەرگرتووە و لەم ڕێگەیەوە ئازارێکی گەورە بەسەر بنەماڵەکاندا دەسەپێنێت.

بەشێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە کۆی لەسێدارەدرانی ٣١ زیندانیی سیاسیی کورد، تەرمی ٢١ کەسیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و شوێنی بەخاکسپاردنیشیان نادیارە.

ئەم چەشنە لە سەرکوتی ئامانجداری کۆماری ئیسلامی دژی دژبەرانی سیاسیی کوردیش، لەلایەن کوردپاوە بەتوندی مەحکووم دەکرێت و کوردپا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم کردەوەیە پێویستی بە ڕێکارێکی جیددی بۆ وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی و کۆتاییهێنان بەم ڕەوتە تۆقێنەرە هەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا

٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١