زیندانی ورمێ؛ مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام دووبارە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا

17:30 - 24 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ، دووبارە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا.

بە سەرنجدان بە یەکلاییوونەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە، ئەگەری لەسێدارەدرانی بەم زووانە لەئارادایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەک لەگەڵ کوردپا ڕاگواستنی دووبارەی مەحیەدین ئیبراهیمی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شنۆ، لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو و دووبارە بۆ بەند گەڕێندرابووەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵیش بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا گوازرابووەوە و ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی جۆزەردان گەڕێندرابوویەوە بۆ زیندانی ورمێ.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، مەحیەدین ئیبراهیمی لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزراوە و پاش لێپرسینەوە سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی زیندانی ورمێ، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بۆ زیندان گەڕێندراوەتەوە.

مانگی خەرمانانی ٩٩، حوکمی ئێعدامی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شاری شنۆ، لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگاییکردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ساڵی ٨٩ ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٦، برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە بە ناوی "نوورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتی کاسبیکردن گیانی لەدەست دابوو.