پیرانشار؛ مەلا سەید جەماڵەدین واژی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:25 - 4 رێبەندان 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، مەلا سەید جەماڵەدین واژی کوڕی حاجی مامۆستا سەید نوورەدین واژی، کەسایەتیی بەرزی ئایینی لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی مامۆستا جەماڵەدین واژی، پێشنوێژی "پەسوێ" و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو مامۆستا کوردەدا دەستیان بەبێڕێزی بە ناوبراو کردبوو.

سەید جەماڵەدین واژی تەمەن ٣٩ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی مەلا سەید جەماڵەدین واژی، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.