ڕاپەرینی سەرتاسەری؛ محەممەدمێهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی لە سێدارە دران

10:33 - 17 بەفرانبار 2722

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لە لەسێدارەدانی محەممەدمێهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی، لە خۆپیشاندەرانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری کرد.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو لاوە خۆپێشاندەرە ئەمڕۆ شەممە ١٧ی بەفرانبار، جێبەجێ کرا.

محەممەدحوسێن ئاغاسی، پارێزەری دادگوستەری لە تویتر ڕایگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدانی محەممەدمێهدی کەرەمی "بەبێ ئاگادارکردنەوە و بەبێ دوایین چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی"، جێبەجێ کراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕوحوڵڵا عەجەمیان" لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی الارض لە ڕێگای ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" مەحکووم کران و دیوانی باڵای وڵات، پێداچوونەوەی دۆسییەی ئەو دوو خۆپیشاندەرەی ڕەت کردەوە و حوکمی داسەپاو لە دادگای سەرەتاییدا، بە پشتبەستن بە بەندی ئەلف مادەی ٤٦٩ ی یاسای ئایینی دادرەسی کەیفەری، پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، ڕوحوڵڵا عەجەمیان لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، لە شاری کەرەج کوژرا و ١٦ خۆپیشاندەر بە تۆمەتی کوشتنی ئەو بەسیجییە دەسبەسەر کران و دادگا، محەممەدمێهدی کەرەمی خەڵکی شاری بیجاڕ و سەیدمحەممەد حوسێنی، وەکوو تاوانبارانی پلە ١ و ٢ ڕاگەیاند و ئەو دوو هاووڵاتییەی بە لە سێدارەدان مەحکووم کرد.