گیانی موسلێم جەعفەری‌ ڕەمشتی (هەڵۆ)، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤین لە مەترسیدایە

11:46 - 11 رێبەندان 2722

سەرەڕای تێپەڕینی ٤ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی موسلێم جەعفەری ڕەمشتی، باشترین ئەکتەری فیلمی "زەوییە پیسەکان"ی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو، ناوبراو سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی و ئەشکەنجەی زۆر هێشتا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە و بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، گیانی لە مەترسیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: موسلێم جەعفەری ڕەمشتی ناسراو بە هەڵۆ، ڕێکەوتی ٢٠ی  خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە گوندی " تەرس‌ئاوا"ی شاری خۆی، بەبێ بەڵگەی یاسایی، کاتژمێر ٥ی بەیانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کە چەکدار بوونە و ١٠ ماشینیان لەگەڵ بووە، بە زۆر و بە لێدان، تەنانەت بەبێ ئەوەی کە ئیزن بدەن پێڵاو و جلوبەرگ لەبەر بکات، ناوبراویان بە ڕاکێشان بە سەر عەرزەکەدا، خستووەتە نێو ماشینەوە و دەسبەسەریان کردووە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی هەڵۆدا هەموو کەرەستەکانی، مۆبایلەکەی و کۆڵەپشتییەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە ئەشکەنجەکران و پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە هەتا ڕێگری‌کردن لە بنەماڵەکەی بۆ چارەسەری پزیشکیی هەڵۆ ڕەمشتی:

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: بنەماڵەی جەعفەری ڕەمشتی هەتا ١٠٠ ڕۆژ هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە، تا کاتێک کە لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنێ کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە درێژەی ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین لە دەسبەسەریدا بووە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەڵۆ ڕەمشتی بەگشتی مافی چاوپێکەوتنی لێ ئەستێندراوە و تەنیا جارێک لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، پاش دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لەلایەن لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین، بەهۆی نالەباربوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی توانیویە چاوی پێ‌ بکەوێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، وێڕای ئاماژەکردن بە ئەشکەنجەکرانی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی دەڵێت: ناوبراو بەهۆی چەڵککردنی دەست و گورچیلەکانیەوە ئازار دەچێژێ و ئیلتهابی دەستی بە ڕادەیەکە کە کاریگەری لە سەر ئێسکی دەستی کردووە و لە چاوپێکەوتن لە نەخۆشخانە لەگەڵ بنەماڵەکەی، ئیزنیان نەداوە کە سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و ئەو ئازار و ئەشکەنجەی کە بە سەریدا سەپاوە، قسە بکات.

بارودۆخی نالەباری جەستەیی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی بە جۆرێکە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە زیندانی ئێڤینەوە پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە دەگرن و داوایان لێ دەکەن، هەتا ٧ میلیارد تمەن (٢ میلیارد بە شێوەی نەختی و باقییەکەی بە شێوەی سەند)، بە ناوەندە پەیوەندییدارەکان بدەن تاکوو خۆیان وەکوو بنەماڵەکەی هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بدەن، بەڵام بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نییە.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی باری جەستەیی و گیانیی هەڵۆ لە زیندانی ئێڤین‌دان، چونکە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە هەڵۆ و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەبوونی توانایی ئابووری بۆ دابینکردنی ٧ میلیارد بارمتەکە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە هەوڵدان گیانلەدەستدانی هەڵۆ بۆ کەمکاریی بنەماڵەکەی بگەڕێننەوە و وای بنوێنن کە بنەماڵەکەی لە دۆخی نالەباری کوڕەکەیان ئاگاداربوون، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەری پزیشکیی کوڕەکەیان نەدا.

لەهۆکارەکانی ڕۆیشتنی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی بۆ ئۆرووپا هەتا دەست‌لەکارکێشانەوەی بە فەرمی لە ڕێبەریی پاک و وتەی نزیکەکانی بنەماڵەکەی لە زاری هەڵۆوە:

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بووەتە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (PAK).  ناوبراو دواتر وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبە  هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی کێشە و ناوکۆکیی جیددی لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو حیزبە بەشێوەی فەرمی، دەست‌لەکارکێشانەوە خۆی و جیابوونەوەی لەو حیزبە ڕادەگەیەنێ و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و نیزامیی نەبووە و خەریکی کاری هونەری لە هەرێمی کوردستان بووە.

ڕۆڵ‌گێڕانی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە فیلمی "زەوییە پیسەکان" بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی مین و بومبە چێندراوەکان لەلایەن داعش، کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێوە چوو، لە باشترین کارەکانی هەڵۆ ڕەمشتی بووە و ناوبراو وەکوو باشترین ئەکتەری ئەو فێستیڤاڵە دیاری، کرا.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە کاتی ئەندامەتی لە حیزبی پاک، لە درێژەی هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە دەستەکانی خۆی لە ئانیشک بەرەوژوور لەدەست دەدات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەڵۆ پاش جیابوونەوە لە پاک، خەریکی کاروباری هونەری دەبێت و لە ڕێگەی کارکردن لە کۆمپانیاکان و دواتریش کارکردن لەسەر دووکان بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات. بەڵام بە هۆی دۆخی خراپی ژیان و هەروەها دەرکران لە کار، جارێک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا دەدات کە لە شاری وانی تورکیە دەسبەسەر دەکرێ و دەگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستانی عێراق. ناوبراو بۆ جاری دووهەم لە ڕێگەی ئێرانەوە هەوڵی ڕۆیشتن بۆ دەرەوە دەدات بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێت.

گوشار بۆ سەر بنەماڵە و دەسبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی:

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی جەعفەری ‌ڕەمشتی دەڵێ: لە ماوەی دەسبەسەرکرانی هەڵۆدا، براکەی بەناوی موسلێح دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

موسلێح جاری یەکەم، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەر هەتا ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ و جاری دووهەم، ٩ی سەرماوەز هەتا ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە سنە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گوازراوەتەوە. ناوبراو لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا سەبارەت بە براکەی و ئامانجی لە گەڕانەوە بۆ ئێران، ڕۆیشتنی بۆ ئورووپا و هەروەها کارکردن لە دووکانی براکەی لە هەولێر، پێش لە دەسبەسەرکرانی هەڵۆ، لێپرسینەوەی لێ کراوە و بۆ هاوکاری خراوەتە ژێر گوشارەوە کە لە ئەگەری تاوانباربوونی براکەیدا، خودی موسلێحیش بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ "گرووپە تێرۆریستییەکان"، موحاکمە دەکرێت.

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر موسلێح، ناوبراو ئیزنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی پێ نادرێ و چەندین جار بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتووە کە سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی براکەی قسە نەکات.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی جەعفەری ڕەمشتی، هەرکات ئەگەری هەیە براکەی دەسبەسەر بکرێتەوە.

موسلێم جەعفەری ڕەمشتی، کوڕی مەحموود و مەهوەش ڕەحیمی، ٨ی ڕێبەندانی ١٣٦٢ لە گوندی ڕەمشت سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و خێزاندارە.

ئێستا دۆسییەی هەڵۆ لە لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤینە و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیشی بریتین لە "١٧ ساڵ چالاکیی نیزامی و ئەندامەتی لە ڕێبەریی گرووپی تێرۆریستیی دژی ڕێژیم".