ئەمساڵ ٢٠ هاووڵاتی لە کوردستان و ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان بوونەتە قوربانی

ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی ڕەزبەر، ٢٠ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە کوردستان و ئێراندا کوژراو و بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە لایەن وێبلاگی "مین و ژیانـ"ـەوە، لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا کۆتایی مانگی ڕەزبەر، ٢٠ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕ لە کوردستان و ئێراندا کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٥ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و ١٥ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و زۆربەی بریندار بووەکان لاقیان لەو ڕووداوەدا لەدەست داوە و کەمئەندام بوون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی پارێزگاکانی "ورمێ، سنە، ئیلام و کرماشان" بوون کە تووشی ئەو ڕووداوە هاتوون.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتە لە ئاستی جیهان کە بە مین ئالوودە کراوە و جیا لە ئامارە ناکۆکەکان، زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار زەویی ئالوودە بە مین لە ئێراندا بوونی هەیە.