ئێعدامی ٨ زیندانی، دیاریی ساڵی ٢٠٢٠ی حکوومەتی ئێران بۆ هاووڵاتییان

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی، ٨ هاووڵاتییان لەو زیندانەدا ئێعدام کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی بەفرانبار، بەرابەر لەگەڵ ١ی ژانوییە، حوکمی لەسێدارەدانی  ٨ هاووڵاتی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی دوو هاووڵاتی لەو ٨ هاووڵاتییە لەسێدارەدراوەی بە ناوەکانی "حوسێن غوڵامی" تەمەن ٢٨ ساڵ و "سامان دوستی" تەمەن ٣٠ ساڵ لە بەندی ١ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕاگەیاندووە.

"حوسین غوڵامی" ماوەی سێ ساڵە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو ٦ هاووڵاتییە ئێعدام کراوەی دیکە ڕوون نەبووەتەوە.