بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (١٣٩٣) هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان، ١٥ ژن لە زیندانەکانی زاهیدان، ورمێ، وەرامین، رەشت، ئامول، بیرجەند و کەرەج لەسێدارە دراون.
بەپشت بەستن بەو ئامارە، زیندانی ناوەندیی زاهیدان بە ٥ حاڵەت زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنانی تێدا تۆمار کراوە و زیندانەکانی بیرجەند و ورمێ بە ٤ حاڵەت و ٢ حاڵەت لە ریزی دووەم و سێیەمدان.
زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدان لەمانگی خەرماناندا بووە

لەمانگی خەرماناندا، سزای سێدارەی ٦ ژن لە بەندیخانەکانی زاهیدان، رەشت و قەرچەکی وەرامین جێبەجێ کراوە کە شووناسیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەبووە.
رۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ٤ ژن لە زیندانی بیرجەند، کە شوناسیان رانەگەیەندراوە، بە تۆمەتی \" بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان\" لەسێدارە دران .
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١ی جۆزەردان، دو ژن لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەناوەکانی \"ئامینە توسەن\" و \"گوڵچین نوری\" بە تۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان\" لەسێدارە دران.
هەروەها رێکەوتی ٧ی جۆزەردان، ژنێکی دیکە بەناوی کورتکراوی \" س . ت\" لە زیندانی ئامول لەسێدارە درا.
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ژنێک بەناوی \"بێهجەت\" و رۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ ژنێکی دیکە کە شوناسی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەبووە، لەزیندانەکانی رەجایی شاری کەرەج و زاهیدان لەسێدارە دران.
زۆربەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان بەهۆی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بووە
بەپێی ئەو راپۆرتە، ١١ حاڵەت لەو حاڵەتانەی کە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٩٣دا تۆمار کراوە بەتۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان\" و لە زیندانەکانی زاهیدان، بیرجەند و ورمێ و ٤ حاڵەتیش بە تۆمەتی \"کوشتنی ئەنقەست\" لە زیندانەکانی دیکە لەسێدارە دراون.
سزای لەسێدارەدانی ٤ ژن لەماوەی ١٠ رۆژدا و لەرێکەوتی ١٩ی خەرمانان هەتا ٢٩ خەرمانان، لەزیندانەکانی وەرامین، رەشت و زاهیدان جێبەجێ کراوە.
کەڵک وەرگرتن لەم راپۆرتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی کوردپا) رێگەپێدراوە.