یەکەم دادگایی سێ چالاکی مەدەنی لە دادگای ئینقلابی شاری سنە بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنی دۆسییەی "سیروس عەباسی، فەریدە وەیسی و ئازاد عەباسی"، سێ چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری دێولان، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوەچوو.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، ئەو سێ چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی " پڕۆپاگەندە دژی نیزام، هەوڵدان دژی تەناهی و نەتەوەیی هاندانی بیروڕای گشتیی" تاوانبار کراون.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی دۆسیەی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە بەهۆی زۆربوونی تۆمەتەکان، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار٩٨، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ناوەندەی پەروەردەیی "زانست" و "سیرووس عەباسی" و "فەریدە وەیسیـ"ـیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد.

پاش دەسبەسەرکردنی "سیرووس عەباسی" و "فەریدە"ی هاوژینی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، "ئازاد عەباسی" لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەوە و دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمە ٩٨، "سیرووس عەباسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە ٩٨، "فەریدە وەیسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە ٩٨، بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنە، دەستی دابووە مانگرتن، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

"ئازاد عەباسی" ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە ٩٨، پاش تەواوکردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.