کەمیی نان لە شاری پیرانشار، کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی خەڵکی شاری پیرانشار، ماوەی دوو ڕۆژە لەگەڵ کەمیی نان لە نانەواخانەکاندا بەرەڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی دوو ڕۆژە هاووڵاتییانی شاری پیرانشار، بەهۆی نەبوونی ئارد لە نانەواخانەکانی ئەو شارەدا، لەگەڵ کەمیی نان بەرەڕوو بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سەرەڕای بە میدیایی کردنی ئەو بابەتە، هەتا ئێستا بەرپرسی پەیوەندیدار، هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەردانی زیاتر لە ١٠ نانەواخانەی شاری پیرانشارم کرد، تەنانەت یک نانیشم دەست نەکەوت و ماوەی دوو ڕۆژە بێ نانین".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ناچارم بۆ پەیداکردنی نان، بەیانی کارەکەم تەعتیل بکەم و بچمە نەغەدە تا بتوانم لەو شارەدا نان بۆ بنەماڵەکەم دابین بکەم".
لەو پەیوەندییەدا، پێشتریش له گوندی "ڕەحیم خان، "ئەرمەنیبڵاغی و سەراو" سەر بە شاری بۆکان، بەهۆی نەبوونی ئارد، نانەواخانەکانی داخرابوون و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بێ نان بوون.