کەمپەینی یارمەتییەکانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بۆ لێقەوماوانی کوتۆل بڕی ٧٢ ملیۆن تمەن پارەی کۆ کردەوە
کەمپەینی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار لە کەمپەینی تەواو "ئینتەرنێتی" و "مەجازیـ"ـدا توانییان بە هاوکاریی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە بڕی ٧٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کوتۆل کۆ بکەنەوە.
دەقی ئەو ڕاگەیاندراوە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێدراوە بەم چەشنەیە:
هاووڵاتییانی بەڕێزی کوردستان!
دانیشتووانی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەری ناوچەی پیرانشار!
هەر وەک ئاگادارن، ڕێکخراوەکان و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی پیرانشار بە هەستکردن بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانیی خۆیان و بە پشتبەستن بەو متمانە گەورەیەی لە ڕابردوودا لەلایەن ئێوە هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر و دەروەستەوە پێمان بەخشراوە، هەروەها بە ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی وڵات و بە مەبەستی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستیی خەڵک، لە کەمپەینێکی تەواو "ئینتەرنێتی" و "مەجازیـ"ـدا (کە یەکەمین ئەزموونی گشتگیری لەو چەشنەیە)، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتیی "نەغدیـ"ـی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی "کوتۆلـ"ـمان ڕاگەیاند و ئێستا بەوپەڕی شانازییەوە ڕادەگەیەنین:
۱ـ کەمپەینەکەمان لە ماوەی ۹ ڕۆژ کار و چالاکیی بەردەوام و چڕوپڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ شەپۆلێکی بێ وێنەی پاڵپشتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان ڕووبەڕوو بووە.
لە ئاکامدا، کەمپەین ڕۆژی هەینی ۱۷ی ڕەشەمە، سەرکەوتووانە کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.
۲- کۆی ئەو یارمەتییانەی بۆ ژمارە حیسابەکانی کەمپەین نێردراوە، بریتییە لە "حەفتا و دوو ملیۆن و دە هەزار تمەن".
٣- بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەینەکەمان بە هاوکاری لەگەڵ "کەمپەینی زاگرۆس" و بە ڕاوێژ لەگەڵ کەمپەینی سەرەکیی ناوچەی کوتۆل، بە شەفافییەت و ئەمانەتەوە هەموو یارمەتییەکان دەگەیەنێتە دەستی زیانلێکەوتووان و ئاکامەکەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە گشتییەکانەوە بە ئاگاداریی ڕای گشتی دەگەیەنێت.
۴ـ ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنیی پیرانشار، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی هاووڵاتییانمان، بەڵێن نوێ دەکەنەوە کە تا هەمیشە داکۆکی لەو بەها بەرزە مرۆیی و نیشتمانییانە بکەن کە کۆمەڵگاکەمان پێیان پابەند و سەربەرزە و پێیانەوە دەناسرێتەوە.
کەمپەینی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی کوتۆل:
بنکەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار)
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
ئەنجومەنی ئەدەبیی ڕووناک
باشگای شاخەوانیی هەڵگورد
ئەنجومەنی هونەریی شانۆی پیرانشار
۱۸ی ڕەشەمەی ٢٧١٩