حەوتووی ڕابردوو، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "ناسێح شابازی" خەڵکی سەقز کە بە تەقەی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران، تووشی "قەتعی نوخاع" ببوو، پاش ٨ ساڵ گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کاسبکارە کوردە لە گوندی ئێرانشا سەر بە ناوەندی تیلەکۆی سەقز، لەلایەن یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ کرابوو و بەسەختی بریندار ببوو".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارە کوردە، ماوەی ٦ مانگ بوو کە بە تەواوەتی توانای جووڵانی نەمابوو و ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو گیانی لەدەست دا.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "فیروزی کە تەقەی لەو کاسبکارە کوردە کردبوو، لەو پەیوەندییەدا نەتەنیا دادگایی نەکرا، بەڵکوو دەوڵەت بڕە پارەیەکی وەکوو دییە بە بنەماڵەی ئەو کاسبکارە دابوو و لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا، هەموو تێچووی نەخۆشخانە و دەوا و دەرمان لەسەر ئەو بنەماڵەیە بووە".
پێشتر "محەممەد ساڵح نیکبەخت" لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە تەقەکردن لە ماشینی کاسبکاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، ڕایگەیاند: "ئەگەر کەسێک ماشینی پێ بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشینەکە بکرێت،کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ماشینەکە و لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان ڕەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن".





