کوژراو و بریندار بوونی ٥ هاووڵاتیی کورد لە باکووری ئێران

14:33 - 18 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی مازندەرانی باکووری ئێران بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی کورد لە شاری \"ساری\"ی سەربە ئوستانی مازندەران بەبێ هیچ هۆکارێکی روون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان کوژراون و ٢ کەسی دیکەشیان بەتوندی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی \"عەبدوڵڵا مەعرووفی\" و خەڵکی شاری سەقز بووە و شەوی سێشەممە لە شاری سەقز ئەسپەردەی خاک کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە بەبێ هیچ هۆکارێکی روون لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و پاوە نەزانراوە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان جادەی ساوە _ تاران، تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵكی شاری پاوە بەناوی \"نەبی عەبدوڵڵاهی\" کردبوو کەلە ئەنجامدا ببوە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەر لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ٢ دیکە بەناوەکانی \"ساڵح ساڵحی‌فەڕ\" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی \"سەركڕان\" و مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی گوندی \"بانەوەڕ\" بە توندی بریندار بوون.