ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکەن
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز ڕاگەیەندراوەکیان لەسەر هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقز لەسەر هێرشی هۆڤانەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا
لەسەردەمی بایەخدان بە بەها مرۆڤییەکان و هەوڵ بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، دیسانەوە کوردستان بوو بە هەوێنی سەودای زلهێزان و داگیرکەرانی کوردستان. حکوومەتی فاشیستی تورکیا لە پانتورکیزمی ئاتاتورکەوە تا نێۆعوسمانیزمی ئاکپارتی، بۆ کوشتن و بڕین و کاولکاری، لەهەمبەر کورد و کوردستان دڕندەیی ڕەهای نواندووە.
ئێمە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شار و دێهاتی سەقز و ساحێو سەرەڕای شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بە پێی خاڵەکانی خوارەوە هەڵوێست دەگرین و بە جەماوەری کوردستانی ڕادەگەیێنین.
۱- کوردستان هەردەم بووە بە ئامرازی زلهێزان و کاولکاریی داگیرکەران، لەوەها دۆخێکدا پێویستە هەر تاکێکی کوردستانی بە سیاسەتوان و سیاسیکار و چالاکی مەدەنی و هونەرمەندەوە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی داکۆکی بکات.
۲- داوا لە جەماوەری کوردستانی ڕۆژ ئاوا بە هەموو لایەنە سیاسیەکانییەوە دەکەین کە تەبایی و یەکڕێزیی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا پێک بهێنن و کوردستان لەسەرەوەی هەر ئیسم یان ڕێبازێکی سیاسی و ئیدێولوژیک بێت.
۳- وێڕای ئەوەی کە ئاواتە خوازین ڕۆژئاوا لە دۆز و خەباتی ڕەوادا سەربکەوێ، پێویستە خۆیان لە لێکدانەوەی ناڕاست لە دۆخەکە بپارێزن و لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانیدا چالاک ببنەوە.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و ساحێب
ئەنجومەنی فەرهەنگی هیوای زانست
ئەنجومەنی ژیاری ساحێب
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمان
ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین
ئەنجومەنی ئەدەبی شنەی ئەوینی کانی گۆمەیان ساحێب