ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەبێ حوکمی ئێعدامی مەحیەدین ئیبراهیمی هەڵبووەشێننەوە

16:44 - 14 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شنۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بووە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "کاربەدەستانی ئێران دەبێ حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە حوکمێکی بەتەواوی نادادپەروەرانەیە هەڵبووەشێننەوە و دەرفەتی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەبێ حوکمی لەسێدارەدان بڕەخسێنێت".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "مەحیەدین ئیبراهیمی لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوییەوە لە زینداندایە و لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی بەغی بە سێدارە مەحکووم کراوە، ناوبراو ئەو تۆمەتەی لە قۆناغە جیاوازەکانی دادگادا ڕەت کردووەتەوە".

حوکمی لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی" لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات لە تاران پشتڕاست کرابووەوە. دۆسیەی ناوبراو پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیاندبوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگایی کردنی "مەحیەدین ئیبراهیمی" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ساڵی ٨٩ ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٦ برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە بە ناوی "نوورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتی کاسبیکردن گیانی لەدەست دابوو.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە خێزاندار و هەنووکە لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.