ڕۆستەم ئەرکیا لە زیندانی یەزد تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
ڕۆستەم ئەرکیا، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، حەوتووی ڕابردوو کە لە زیندانی یەزد تووسی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، پاش پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە نەخۆشخانە، دووبارە بۆ ئەو زیندانە گەڕێندرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "بەرپرسانی نەخۆشخانە ڕایانگەیاندووە، هەنووکە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانە نییە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "حەتووی ڕابردوو، ڕۆستەم ئەرکیا پاش تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا خوازیاری ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی یەزد لەو پەیوەندییەدا، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتبوو".
ئەو زیندانییە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئیزنی مەرەخەسی پێدرابوو و هەروەها کۆتاییەکانی هەمان مانگ پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی، گەڕایەوە بۆ زیندانی یەزد.
ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٨٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ٨٧، لە دادگای ئینقلابی خۆی بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەورۆزی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بە ئێعدام مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتی بەو حوکمە، ئەو حوکمە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٨٨، لە دادگای پێداچوونەوە بە ١٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی یەزد کەم کرایەوە.
بە ناڕەزایەتیی نوێنەری دادستانی ورمێ، حوکمی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٨٨ لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی بەرز بووەوە.
"ڕۆستەم ئەرکیا"، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، بۆ زیندانی یەزد دوورخرایەوە و ناوبراو ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠، بەنیسبەت جیانەکردنەوەی زیندانییانی سیاسی لە زیندانییەکانی دیکە (عادی) دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن، کە پاش ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی یەزد لەگەڵ داواکارییەکی ئەو زیندانییە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.