پاشگەزبوونەوەی وێنەگرێکی کورد لە فێستیڤاڵی فەجر

ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی کوردی خەڵکی بیجاڕ، پاشگەزبوونەوەی خۆی لە فێستیڤاڵی "فەجر" ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی پاشگەزبوونەوەی هونەرمەندانی ئێران و کوردستان، وێنەگرێکی کوردی خەڵکی بیجار بە ناوی "جەمشید فەرەجوەند فەردا"، پاشگەزبوونەوە خۆی لە بەشداریکردنی فیستیڤاڵی فەجر ڕاگەیاند.

ئەو وینەگرە کورد لە کاناڵی تێلگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: "بە نیشانەی ڕێزگرتن لە کۆمەڵگای هونەریی ئێران و بەتایبەتی وێنەگران، لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی هونەری وێنایی (هنرهای تجسمی) فەجر خۆ دەبوێرم".

ئەو وێنەگرە کوردە، هەروەها نووسیویەتی: "لە هەر هەلومەرجێکدا، پرسی مرۆیی بەسەر چالاکییە هونەرییەکاندا زاڵە".

 دوابەدوای دانپێدانانی ڕێژیم بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشک کرابووە ئامانج، شەپۆلێکی ڕق و تووڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە و هەروەها هونەرمەندانی ناسراوی ئێران ناڕزایەتییان دەربڕی و بەو هۆیەوە لە بەشداریکردنی فێستیڤاڵی فەجر وازیان هێنا.

فێستیڤاڵی "فیلمی فەجر"، گرینگترین فێستیڤاڵی سینمایی ئێرانە کە لە ساڵی ٦١ی هەتاوییەوە تا ئێستا، لە تاران بەڕێوە چووە و لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێراندایە.

"جەمشید فەرەجوەند فەردا"، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە "بیجاڕ"ی سەر بە پارێزگای سنە لەدایک بووە و لە بواری گرافیکدا بڕوانامەی کارناسیی زانکۆی هونەری تارانی وەرگرتووە و زیاتر لە ٢٥ ساڵە خەریکی کاری وێنەگرییە.