هێزە ئیتلاعاتیییەکان، "سیاوەش حەیاتیـ"ـیان ئەشکەنجەی کردووە

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجەی داوە.

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی حەیاتی لە چاوپێکەوتنی ناوبراو لە گرتنگەی پۆلیسی ئەمنییەتیی کرماشان، ڕایانگەیاندووە کە پاش دەسبەسەرکردنی "سیاوەش حەیاتی"، ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیدا دیار بووە.

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، دەسبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، بە تایبەتی دەسبەسەرکردنی سیاوەش حەیاتی بەتوندی مەحکووم دەکەن و هۆشداری دەدەن کە بەرپرسان لە پاراستنی گیانی دەسبەسەرکراوەکاندا بەرپرسن و دەبێ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە کۆتایی بێنن و دەسبەسەرکراوەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

وتەبێژی کۆڕی راوێژی چالاکانی یارسان، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای ڕشتەی زانستی سیاسی لە زانکۆی ڕازیی کرماشانە.