هاووڵاتییەکی کورد لە مەهاباد دەسبەسەر کرا

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەسعەد محەممەدنژاد" خەڵکی گەڕەکی "پشت تەپـ"ـی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی "ئەسعەد"، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوی "سۆران نەسیری" خەڵکی شاری "گۆگتەپە"، "سۆران موختاری فەر" خەڵکی گوندی "حاجی خۆش" و "ئومید عەباسی" خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە مەهاباد، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕێبوار پادەست" کوڕی "ڕەسووڵ"، خەڵکی شاری "گۆگتەپە"ی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.