هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی شاری ورمێ، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەزگای قەزایی و رێکخراوی زیندانی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر موخەلید ماوانە، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری ورمێ پاش دوو ساڵ راگیران لە زیندان، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەڕێوەچوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"سابیر موخەلید ماوانە\" بە هۆی کوشتنی کەسێکی ئازەری زمان کە ئەنجامی تێکهەڵچوون لەسەر پرسی مەزهەبی (شیعە و سوننی) بووە، لەسێدارە دراوە\".

\"24073.jpg\"
سابیر موخەلید ماوانە، پاش دوو ساڵ راگیران لە زیندان لەسێدارە درا
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، سابیر دوابەدوای کوشتنی ئەو کەسە، رووی لە دەرەوەی وڵات کرد و پاش نزیک بە ٢ ساڵ مانەوە لە دەرەوەی وڵات و گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات، دەستبەسەر کرا.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسە ئازەرییەش بە (قصاص\"تۆڵە\") سێدارە مەحکووم کرا.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، گوتیشی سابیر موخەلید ماوانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە زیندانی ورمێ لە بەندی تاوانە گشتییەکاندا راگیرابوو.