هاووڵاتییەکی ناڕازی سەقز بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کرا

12:58 - 27 خەرمانان 2722

پارسا سێحەت کوڕی ئەنوور و هاجەر، یەکێک لە ناڕازییەکانی سەقز، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی، تەورێز کرا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٢ ساڵەیە کە ئارایشگەرە لە نزیک شوێنی کارەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تەقەی لێ کرابوو.

پارسا سێحەت بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی هێزە ئەمنییەتییەکان، چاوی چەپی و لووتی بە سەختی بریندار بووە.

لەو پەیوەندییەدا، بارودۆخی گشتیی کیان درەخشان، یەکێکی دیکە لە ناڕازییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە بەرانبەر فەرمانداری سەقز، بە گوللـەی هێزە ئەمنییەتییەکان بە سەختی پێکرابوو، نالەبار ڕاگەیاندراوە.

نزیک بە دەیان هاووڵاتی ناڕازیی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە بەرانبەر فەرمانداری سەقز بەهۆی تەقەی گولـلەی ساچمەیی بریندار بوون، خەڵک داوایان لە پزیشک و پەرەستارەکان کردووە کە بۆ تیمار کردنی بریندارەکان، سەردانی ماڵی هاووڵاتییانی بریندار بکەن.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە ترسی دەسبەسەری هێزە ئەمنییەتییەکان، لە چوون بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان، خۆیان دەبوێرن.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا و ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.