هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لە دەست دا

16:01 - 29 بەفرانبار 2720

سەر لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف فەتاح‌زادە"، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی مەحموود و خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەبارەی چۆنیەتیی ئەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هێزەکانی سپای پاسداران، یووسف فەتاح‌زادەیان، لە کاتی گەڕانەوە لە گوندی "خووڕی‌ئاوا"، لە سێڕێیانی "بۆیین"، داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "هێزەکانی سپای پاسداران، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە حاڵێکدا کە هیچ شتومەکی قاچاخی پێ نەبووە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاسای تەقەکردن، داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە "تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "سەلاحەدین ئەیووبیـ"ـی بانە کراوە".

یووسف فەتاح‌زادە، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.