موژگان کاووسی لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا

10:39 - 16 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای ئەلبۆرز لەگەڵ ئازادیی موژگان کاووسی بەپێی بڕیارنامەی کەمکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتی زیندانییان ڕەزایەتی داوە و ناوبراو لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا.

ناوبراو پاش دوایین هاتنە مەرەخەسییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ گرتنگەی ژنانی ئاگایی کەرەج ڕاگوێزرا و لە بارودۆخێکی خرپدا ڕاگیرابوو، لە کۆتاییدا ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە بۆ زیندانی کەچوویی کەرەج ڕاگوێزراوە.

موژگان کاووسی، بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی برادی کاردی (هێواشیی لێدانی دڵ) و دابەزینی زەختی خوێن، بۆ ماوەی چەندین مانگ بوو کە خوازیاری تاوتوێکردنی پزیشکی یاسایی لەمەڕ نەمانی تاقەت و توانای ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی درێژەی حوکمەکەی بوو، بەڵام سەرەڕای ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لەو ماوەیەدا، لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بە نیسبەت ئەم پرسە هیچ بەدواداچوونێک ئەنجام نەدرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردە پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتە مەرەخەسی و ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران بڕیاری ڕاگواستنی موژگان کاووسیی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی دەرکرد.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، موژگان کاووسی بەپێی داواکاریی خۆی لەمەڕ ڕاگواستن (بەلەبەرچاوگرتنی ئەگەری نیشتەجێبوون هەم لە تاران و هەم لە نەوشەهر) لە زیندانی ئێڤین بۆ نەوشەهر ڕاگوێزرا. پاش تێپەڕاندنی شەو لە گرتنگەی ناجای نەوشەهر، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ناوبراو ڕەوانەی دادگای نەوشەهر کرا تاکوو بە بڕیاری بەرپرسانی قەزایی ئەو شارستانە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگوازرێت بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگی‌نەکردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ بەرپرسانی قەزایی نەوشەهر لەمەڕ ڕاگواستنی موژگان کاووسی بۆ زیندانی نەوشەهر، بەبێ هیچ هەوڵێک بۆ زیندانی ئێڤین گەڕیندراوەتەوە.

موژگان کاووسی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و هەڵاواردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە دانی مەرەخەسی بە زیندانییان لە پەیکی چوارەمی کۆرۆنا، دەستی دابووە مانگرتنی سنووردار.

پێشتر، شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین ئەو نووسەرە کوردەی پاش مانگرتنی لە خواردن لەمەڕ دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسییەکەی، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردبوو.

 ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی ١ مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی زیادی کرد کە بەپێی یاسای تەجمیع ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر بەبێ هیچ بانگهێشتنامە و ئاگادارییەک حوکمی "ممنوع‌الخروجـیـ"ـی بەسەر ئەو چالاکە کوردە یارسانییە سەپاندبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو نووسەر و چالاکە کوردە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی نەوشەهر کرا و دادگا ناوبراوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد و پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ زیندان و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.