مانگنامەی \"كرێكار\" بۆ رووماڵی رووداوە كرێكارییەكان لەكوردستانی ئێران (گەلاوێژ)

13:51 - 2 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: لەمانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٣‌ی هەتاوییدا، ٩ كرێكاری خەڵكی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە هۆی روودای كارەوە بوونەتە قوربانی و لەنێو قوربانییەكانیشدا منداڵێكی كار وەبەر چاو دەكەوێ،‌كە بەهۆی تەقینەوەی كارگەیەك گیانی لەدەست داوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی كرێكارانی كورد لەكاتی كاركردن و رووداوەكانی دیكە، مانگانە راپۆرتی رێژەی قوربانییانی رووداوی كار لەژێر ناوی \"مانگنامەی كرێكار\"‌دا بڵاو دەكاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوونی ئەو چینە لە كۆمەڵگە.

گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار كردندا

\"21708.jpg\"
لەماوەی مانگی گەلاوێژدا شەش كرێكاری كورد لەكاتی كار كردن و بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە كە یەك كەسیان (منداڵێكی كار) بە هۆی تەقینەوە كۆتایی بەژیانی هاتووە.

رووخانی دیوار، بەرق گرتوویی و رووخانی كانگەی بەرد، بەربوونەوە لەبەرزایی و تەقینەوە هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو شەش كرێكارە كوردە راگەیەندراون.

ئەو شەش كرێكارە خەڵكی شارەكانی ماكۆ، سەقز، سنە و سەڵماس بوونە.

محەمەد سەنعان تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵكی شاری سنە شوناسی ئەو منداڵەیە كە بە هۆی تەقینەوەی كارگەیەك و لەكاتی كاركردندا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەمانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا ٩ كرێكاری كورد بە هۆی رووداوی كار و رووداوەكانی دیكەوە گیانیان لەدەست دابوو.

هەر لەمانگی گەلاوێژدا ٣ كرێكاری كوردیش بە هۆی رووداوی كارەوە بریندار بوون و یەكێك لەو كرێكارانە قامكەكانی دەستی پەڕیوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوی پزیشكی دادوەری ئێران، لە دوو مانگی خاكەلێوە و بانەمەڕی ئەمساڵدا ٢٩٠ كرێكار لەئێران بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە و ئەو رێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێكچووی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

لەوڵاتی ئێران گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار و بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی زۆرترێن حاڵەتەكانی گیان لەدەست دانی کرێکارانی بەدواوە بووە و چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان نەبوونی ئیمەنیی كار و کەمتەرخەمیی خاوەنكارەكان ئەو رووداوانە دەخولقێنێ‌و بنەماڵەی ئەو كرێكارانەش لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە هیچ قەربووكردنەوەیەكیان بۆ ناكرێ‌.

بەپێی ئامار و داتای هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی ئێران، رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی پێنج كرێكار بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دەدەن و لەماوەی هەر دوو حەفتەدا كرێكارێكی كانگەكان لەئێران تووشی رووداوی كار دەبێ‌.
\"21711.jpg\"

كرێكارانی بیناسازی زۆرترین مەترسیی رووداوی كاریان لەسەرە و بیمەش نایانگرێتەوە

\"21710.jpg\"
بەوتەی بەرپرسی ئەنجومەنی سینفیی كرێكارانی بیناسازی، كەمتەر خەمیی نوێنەرانی مەجلیس وای كردووە كە یەك ملوێن كرێكار لە ئەمساڵدا لە هەبوونی بیمە بێبەری بكرێن و گەڵاڵەی هەموار كردنەوەی یاسای بیمەی كرێكارانی بیناسازی چەندین مانگە لە مەجلیس خراوەتە پەراوێزەوە.

لەساڵی ١٣٩٣‌دا هیچ كرێكارێكی بیناسازی بیمە نەكراوە و یاسای بیمە لەلایەن مەجلیس و كۆمیسیۆنی بێهداشتەوە دەستاودەستی پێدەكرێ‌.

نەبوونی بیمە تەنیا تایبەت بە ئەمساڵ نییە و ساڵی پێشووش تەنیا ١٠% لە قوربانییانی بیناسازی بیمە گرتبووینەوە.

بەپێی یاسای كاری ئێران و هەروەها یاسای رێكخراوی تەئمین ئیجتماعی حكوومەتی ئێران، ئەو كارگەیانەی كە كەمتر لە شەش كەس تێیاندا كار دەكەن بیمە نایانگرێتەوە.