مانگنامەی \"كرێكار\" بۆ رووماڵی رووداوە كرێكارییەكان لەكوردستانی ئێران (پووشپەڕ)

20:34 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەمانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣‌ی هەتاویدا، ٩ كرێكاری خەڵكی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە هۆی روودای كارەوە گیانیان لەدەست داوە و لەكۆی گشتیی ئەو ٩ حاڵەتە، كرێكارێك بە شێوەی گوماناوی لەهەرێمی كوردستان گیانی لەدەست داوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی كرێكارانی كورد لەكاتی كاركردن و رووداوەكانی دیكەدا، مانگانە راپۆرتی رێژەی قوربانییانی رووداوی كار لەژێر ناوی \"مانگنامەی كرێكار\"‌دا بڵاو دەكاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوون ئەو چینەی كۆمەڵگە.

گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار كردندا

\"21114.jpg\"
لەماوەی مانگی پووشپەڕدا هەشت كرێكاری كورد لەكاتی كار كردن و بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە، كە دوو كەسیان لە دەرەوەی كوردستانی ئێران بووە و هەروەها كرێكارێكی دیكەی كوردیش لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گوماناوی كۆتایی بە ژیانی هاتووە.

٨ كرێكار بەهۆكارەكانی وەرگەڕانی تراكتۆر، رووخانی دیوار، بەرق گرتوویی و كەوتنە خوار لەبەرزایی مردوون و هەروەها كرێكارێكی خەڵكی سنە لە هەرێمی كوردستان لەشوێنی كارەكەی بە \"كەمەربەندەكەی\" خۆی خنكاوە و هۆكاری ئەو خنكانە گوماناوی لەقەڵەم دراوە.

بێهنام ئەیازی، هادی نەقدی، مێستر یووسفی، فوئاد چاردەوڵی، رەسووڵ نەبی زادە، یادگار دەروێشی و سەلاح شوناسی ئەو كرێكارانەن كە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

سەرجەمی ئەو كرێكارانە خەڵكی شارەكانی سەقز، شنۆ، ورمێ‌و سنە بوون.

ئەو كرێكارە كوردە لە كۆمپانیایەكی بیناسازی لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی سەرقاڵی كار كردن بووە.

عەلی یارئەحمەدی ناوی كرێكارێكی دیكەی خەڵكی سنە بووە كە بە شێوەی گوماناوی و لەهەرێمی كوردستان بەخنكاوی لەشوێنی كارەكەی دۆزرابوویەوە.

ئاماری مانگی پووشپەڕ بە بەراورد لەگەڵ مانگی جۆزەردان چوونە سەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە لەمانگی جۆزەرداندا تەنیا كرێكارێكی خەڵكی شاری مەهاباد گیانی لەدەست دابوو.

چوونە سەرەوەی حاڵەتەكانی رووداوی كار

\"21116.jpg\"
سەندیكای كرێكارانی شیركەت واحید، سەندیكای كار و پڕۆژەكان، سەنیكای ئاسنكاران، دامەزراوەی كرێكارانی \"نقاش\" و كانوونی بەرگریكارانی مافی كرێكار بەیاننامەیەكیان لەپێوەندیی چوونە سەری رێژەی قوربانییانی رووداوی كار لەئێراندا بڵاو كردۆتەوە و لەو بارەیەوە هوشدارییان بە دەوڵەت داوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوی پزیشكی دادوەری ئێران، لە دوو مانگی خاكەلێوە و بانەمەڕی ئەمساڵدا ٢٩٠ كرێكار لەئێران بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە و ئەو رێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێكچووی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

لەوڵاتی ئێران گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار و بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی زۆرترێن حاڵەتەكانی گیان لەدەست دانی کرێکاران لەخۆ دەگرێت و چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان نەبوونی ئیمەنی كار و گوێ‌نەدانی خاوەنكارەكان ئەو رووداوانە دەخولقێنێ‌.

هەر لەو پێوەندییەدا لەماوەی سێ‌مانگی یەكەمی ساڵی ١٣٩٣‌دا ١٦٩ كرێكار تەنیا لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانی و لە سەدا ٧٥‌ی ئەو رێژەیە بە هۆی كار لە بەشی بیناسازیدا بووە.

بەپێی ئامار و داتا هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی ئێران، رۆژانە بەشێوەی نێونجی پێنج كرێكار بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

لەساڵی ١٣٩٢‌دا، لە سەرجەم ئوستانەكانی ئێران، هەزار و ٩٦٧ كرێكاری پیاو و هەروەها ٢٧ كرێكاری ژن لەكاتی كاركردن و بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە و لەو بارەیەوە رێكخراوی پزیشكی دادوەری ئێران بڵاوی كردبوویەوە، زۆرترین رێژەی مەرگی كرێكاران بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی بووە، کە بەو هۆیەوە ٩٦٥ كرێكار گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، لەساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاویدا نزیك بە سەد كرێكاری كوردی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، لە ناوخۆیی ئێران و هەرێمی كوردستان بە هۆی رووداوی كارەوە بوونەتە قوربانی.