لە چارەنووسی ٦ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە

چارەنووسی شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی "جەسیم مەجنوونی، ئەسعەد محەممەدنژاد، سۆران نەسیری، سۆران موختاری ‌فەر، ڕێبوار پادەست و ئومید عەباسی"، پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو ٦ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەو پەیوەندییەدا، خۆیان دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو ٦ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ٦ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، "جەسیم مەجنوونی" خەڵکی گوندی "قەرەداغ" و دانیشتووی مەهاباد، "ئەسعەد محەممەدنژاد" خەڵکی "گەڕەکی پشت تەپـ"ـی مەهاباد، "سۆران نەسیری" خەڵکی شاری "گوگتەپە"ی مەهاباد، "سۆران موختاری ‌فەر" خەڵکی گوندی "حاجی خۆشـ"ـی مەهاباد و "ئومید عەباسی" خەڵکی گوندی "ئیندرقاشـ"ـی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، "ڕێبوار پادەست" کوڕی "ڕەسووڵ" خەڵکی شاری "گوگتەپە"ی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.