لە ماوەی یەک ساڵدا لە پارێزگای ورمێ ٥٤٠ حاڵەتی ڕووداوی کار ڕووی داوە

بەرێوەبەری گشتیی خۆشبژێوی و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ٥٤٠ حاڵەتی ڕووداوی کار لەو پارێزگایەدا ڕووی داوە".

بە وتەی ئەبولفەزڵ عیبادی، زۆرترین قوربانییانی ڕووداوی کار لە پارێزگای ورمێ، تایبەت بە ڕووداوی کار لە بیناسازی بووە.

بەرێوەبەری گشتیی خوشبژێوی و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی هەروەها باسی لە ڕێژەی تەعاونییەکان لە پارێزگای ورمێ کردووە و ڕایگەیاندووە: "هەنووکە لە ئاستی ئەو پارێزگایەدا، ٦ هەزار و ٧٧٥ تەعاونی بوونی هەیە کە لەو ڕێژەیە، هەزار و ٨٦٦ تەعاونی چالاک و ٣ هەزار و ٦٠١ تەعاونی ناچالاکن و هەروەها هەزار و ٣٠٨ تەعاونیی دیکەش بە تەواوەتی ڕاوەستاوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە ئاماژەی بە ڕێژەی گیانلەدەستداوان و برینداربووانی ڕووداوی کار لەو یەک ساڵەدا نەکردووە.