فەرەیدوون مووساپوور بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا

16:47 - 12 رەشەمه 2720

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرەیدوون مووساپوور"، خەڵکی شاری ڕەبەتی سەردەشت، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، فەرەیدوون مووساپوور لەگەڵ براکەی فەرهاد مووساپوور و بەهمەن یووسف‌زادە لە شاری ڕەبەتی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

فەرهاد مووساپوور ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرا و پاشان ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، بۆ لێپرسینەوە دیسانەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا گەڕێندرایەوە.

هەرەوها ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، بەهمەن یووسف‌زادە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی فەرەیدوون مووساپوور زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.