عێراق خۆی لەقەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت بواردووە

15:24 - 8 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی‌کوردپا: پارێزەرێکی کورد بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک باسی لەپشتیوانی نەکردنی یاسایی لە بەرکەوتووانی کیمیاباران لە کوردستان کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوسێن‌ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دادگوستەری، هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی یادی قوربانیانی شاری سەردەشت رایگەیاند: پارڵمان بە پەسەند کردنی یاسایەک رێکخراوی بونیاد شەهیدی بە بەرپرسیاری مافی کەم‌ئەندامان و بەرکەوتووانی کیمیاباران لە کۆڕ و کۆمەڵە نیودەوڵەتییەکان لە قەڵەم داوە، بەڵام ئەو کارە گرینگە هەتا ئێستا بەرەو پێشچوونی بە خۆیەوە نەبینیوە و هیچ هەنگاوێکی تایبەتی لەو بارەیەوە بۆ بە دەستهێنانی مافی بەرکەوتووان لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان هەڵنەگیراوە.

ئەو پارێزەرە کوردە لەدرێژەی وتارەکەیدا کە لە رۆژنامەی \"قانوون\" چاپ و بڵاو کراوەتەوە نووسیویەتی: لەشاری سەردەشتەوە بگرە هەتا زەردە لە کرماشان و کانی دینار لە مەریوان، هەروەها ناوچەکانی دیکەی ئێران کە بوونەتە ئامانجی هێرشە ناجوامێرانەکانی رێژیمی بەعسی عێراق و سەرەڕای بەربڵاوی ئەو هێرشانە و ژمارەی بەرچاوی قوربانیان، پاش تێپەرینی ماوەیەکی زۆر بە سەر تەواو بوونی شەڕەکە، هێشتا نەمانتوانیوە یاسایەکی لە بار و گونجاو سەبارەت بە مافی ئەو کەم‌ئەندامانە پەسەند بکەین.

بە وتەی ئەو پارێزەرە کوردە، لە رەوتی ئەو کیمیابارانەدا دوو تاوانباری سەرەکیی بوونیان هەیە. یەکەمیان رێژیمی بەعسی عێراقە و کە دەوڵەتی عێراق بەرپرسی قەرەبوو کردنەوەی خەسارەتی بەرکەوتووانی کیمیابارانەکەیە، کە بە پێی بریارنامەی ٥٩٨ و بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی دەبێ خەساراتی ئەو بەرکەوتووانە بە گشتی بە ئێران بدرێت کە هەتا ئێستا هیچ پارەیەک لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە بەو قوربانیانە نەدراوە، بەڵام تاوانبارانی دووەم ئەو کەس و لایەنانەن کە یارمەتی دەوڵەتی عێراقیان داوە و کەرەسەی کیمیایان پێ فروشتووە و لەو بارەیەوە بێجگە لە سکاڵایەک لە دادگای لاهه لە هولەند هیچ هەوڵێک لەو بوارەوە نەدراوە.

حوسین ئەحمەدی نیاز لەبەشێکی وتارەکەیدا دەپڕژێتە سەر کەمتەرخەمی بونیاد شەهید سەبارەت بە مافی بەرکەوتووانی کیمیابارانەکە و دەڵێت: بەداخەوە بونیاد شەهید بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵنەستاوە و هەتا ئێستا خەسارەتێکی بۆ بەرکەوتووان لە بەر چاو نەگرتووە.

ئەو پارێزەرە کوردە لە کۆتایی وتارەکەیدا نووسیەتی: شاری سەردەشت هەر ئەو سەردەشتەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویە و هیچ جیاوازییەکی لەبواری گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە نیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئەو پارێزەرە کوردە داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکات شاری سەردەشت وەکوو هیرۆشیما و ناکازاکی بە شاری ئاشتی دەستنیشان بکات.