سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری سنە دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی سنەیی، لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئەبووبەکر شەجیعی" باوک، "نەرمین" هاوژین و "نیان شەجیعی" کچ، لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات، پاش دەسبەسەرکردنی "ئەبووبەکر"، لە تێرمیناڵی شاری سنە، هاوژین و کچەکەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.