سێ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان لە ناوچەی مەرەخێڵ بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، سێ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان بە ناوەکانی "فەرشید سنجەری"، جێگری فەرماندەی یەگانی ژینگەپارێزیی کرماشان، ئەندازیار "موعینیان"، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەری گشتی و ئەندازیار "خوسرەوی"، بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری ڕوانسەر" بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵـ"ـی پاوە بریندار بوون.
ماڵپەڕی "مین و زندگی" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی کە ئەو کەسانە لە حەوتەمین ڕۆژی ئاگرکەتنەوەکەی لێڕەوارەکانی ناوچەی بۆزین و مەرەخێڵ تووشی ئەو ڕووداوە بوون.
"فەرشید سنجەری" و ئەندازیار "موعینیان" لاق و لووتیان لەو ڕووداوەدا بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کراون.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.