سێ هاووڵاتیی کورد لە شنۆ و بانە دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ و بانە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری "نەڵۆسـ"ـی شنۆ، بە ناوی "عەبدولڕەحمان کوردی" کوڕی "عەبدولقادر" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان دەبوێرن.

لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "کاوە ڕەسووڵی و هادی محەممەدی" خەڵکی بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردنیان و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو دوو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.